لە 2021 زەوى بۆ چەندین پڕۆژەى پیشەسازی قورس و مامناوەند دابین کراوە
لەچوارچێوەى بڕیارى لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان، بۆ دابینکردنى زەوى بۆ پڕۆژە پیشەسازییەکان، دواى هەڵسەنگاندنى پڕۆژەکان و کار و بەرهەم و ئامانج و مەبەستیان، لە ساڵی 2021 زەوی بۆ دروستکرنی (70) پڕۆژەی پیشەسازیی قورس و مامناوەند لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر تەرخانکراوە.
لیژنەی گەشەپێدان و پشتگیری کردنی پڕۆژە پیشەسازییەکان لە ساڵی ڕابردوو بەمەبەستى پەرەپێدان بە پڕۆژە پیشەسازییەکان و زیادکردنى دەستى کار و ڕێژەى بەرهەمى خۆماڵى و هاندانى کەرتى تایبەت بۆ سەرمایە گوزارى لەهەولێرى پایتەخت لەبوارەکانى (کارگەی هەیکەلی ئاسن، کەل و پەلى کارەبا، گۆڕەر، پیشەسازیی خۆراک، کارگەی بەرهەمهێنانی کاغەز ... هتد) بەڕووبەرى فراوان زەوی بۆ بونیاتنانى (70) کارگەی پیشەسازی قورس و مامناوەند تەرخان کردووە کە لەداهاتوویەکى نزیکدا سوودی زۆریان دەبێت بۆ پێشخستنی کەرتی پیشەسازی لەهەولێرى پایتەخت.
دابینکردن و تەرخانکردنی زەوی لەلایەن لێژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان لە سنوورى سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر ئامانج لێى پەرەپێدانى کەرتى پیشەسازیی و ئابووری هەرێمی کوردستان و ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ لاو و گەنجانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کە لە داهاتوودا بەهۆی درووستکردنی ئەو ژمارە زۆرەی کارگە و فراوانکردنى ناوچەی پیشەسازییەکان هەزاران دەرفەتی کاریان بۆ دەڕەخسێت.