بەئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، چلەی ماتەمینی شاعیر جوانەمەرگ سافى مەلازادە بەڕێوەچوو

بەئامادەبوونى پارێزگارى هەولێر، چلەی ماتەمینی شاعیر جوانەمەرگ سافى مەلازادە بەڕێوەچوو



ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2022.10.4، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و دکتۆر جەبار بەرپرسى ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و سەرۆکى لقى هەولێرى یەکێتى نووسەرانى کورد و بەڕێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و سکرتێر و ئەندامانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لەنووسەر و شاعیران و هونەرمەندان و هاوڕێ و هەڤاڵانى و کەس و کار و خانەوادەکەى، لەهۆڵی سەنتەرى ئاڵا مەراسیمى چلەی ماتەمینی شاعیرى جوانەمەرگى شاری هەولێر، (سافى مەلازادە) بەڕێوەچوو.

لەوتاڕێکدا پارێزگارى هەولێر وێڕاى سەرەخۆشى لە هاوڕێ و هەڤاڵ و کەس و کار و خانەوادەکەى، ڕایگەیاند: "بەخەم و پەژارەیەکى زۆرەوە ئەمڕۆ چلەى ماتەمینى کوڕێکى نازدارى شارەکەمان، چلەى گەنجێکى جوانەمەرگه‌ کە ئەگەر خوداى گەورە تەمەنى پێبدابا بێشک ئەستێرەیەکى گەورەى شارەکەمان و وڵاتەکەماندا دەبوو".

پارێزگارى هەولێر هەروەها گوتى: "سافى مەلازادەى جوانەمەرگ کۆمەڵێک لە خەون و ئاواتى گەورەى بۆ شارەکەى و ئەدەب و قەڵەم و وڵاتەکەى هەبوو، کە ئەگەر سەیرى تەمەنى بکەین زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو خوشەویستى و یاد و یادەورەیانەى هه‌یبوون، لەو ڕۆژە خەمناکەدا بە لەدەستدانى ئەو لاوە وەکو کەس و کارو خانەوادەکەى خەمبار و دڵتەنگین".