بە گوژمەى زیاتر لە (235 ملیۆن دینار) دەستکرا بەجێبەجێکردنى پڕۆژەى قیڕتاوکردنی چەند شەقامێک لە گەڕەکی ژیان
ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.1.22، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە یاوەرى مەسعود کاڕەش، جێگرى پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامى ناوەند و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى شارەوانى پێنج، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان، پڕۆژەى قیڕتاوکردنى چەند شەقامێکى لە گەڕەکی ژیان بەسەرکردەوە، کە بە گوژمەی (235 ملیۆن و 520 هەزار دینار) لەسەر داهاتى 15%ى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر بەشێوەى بەڵێندەرایەتى دەست بەجێبەجێکردنی کراوە و پێکهاتووە لە دوو شەقامی (20) مەتری بەدرێژی (1,200)م2 و قیڕتاوکردنى (7) شەقامی لاوەکی بە ڕووبەری (18,400)م2.
لە بەسەرکردنەوەکەیدا پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە سەرپەرشتیار و ئەندازیار و کرێکارانى پڕۆژەکە و بەڕێوەبەرایەتى شارەوانى5، تەئکیدی لەوەکردەوە کە لە ماوەى ڕابردوودا تەواوی ئەو پڕۆژانەی کە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، دەستیان پێکراوە کە بەشێکیان لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێرە و بەشێکى تریشیان لەسەر داهاتى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێرن، دەبێت لە ماوەى دیاریکراوى خۆیاندا تەواوبکرێن.