سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارگەی ئاسنی ڤان ستیلی کردەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارگەی ئاسنی ڤان ستیلی کردەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارگەی ئاسنی ڤان ستیلی کردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 28-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارگەی ئاسنی ڤان ستیلی لە هەولێر کردەوە کە گەورەترین کارگەی ئاسن و شیشە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارگەی ئاسنی "ڤان ستیل" لە هەولێر، گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "کارگەکە بە ستانداردی جیهانی و پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا دروستکراوە و سوودی بۆ ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان دەبێت". گوتیشی: "کارگەکە لە دروستکردندا پابەندی مەرجەکانی ژینگەپارێزی بووە".

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش دا: "کردنەوەی ئەم کارگەیە رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بەرەوپێشبردنی کەرتی پیشەسازی لە کوردستان و رەخساندنی هەزاران هەلی کار بۆ گەنجانی کوردستان، جێی دەستخۆشییە کە کارگەکە پابەندبوونی خۆی بە لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی پاراستنی ژینگە و بەردەوامی ژینگەیی دەربڕیووە، ئەمەش لە رێگەی بەکارهێنانی شێواز و تەکنیکی پێشکەوتوو کە دۆستی ژینگەیە."

ئەوەشی خستەڕوو: "هیوادارین دۆخی کوردستان، عێراق و ناوچەکە ئارام سەقامگیر بێت و، کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بن، بۆ ئەوەی درێژە بە کارنامەکەی خۆمان بدەین، لە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری".