پارێزگاری هەولێر: "لە ساڵی 2023 دا لە هەولێر و دەوروبەری (1053) پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی (202 ملیار و 500 ملیۆن دینار) ئەنجامدراون

پارێزگاری هەولێر:

پارێزگاری هەولێر:
"لە ساڵی 2023 دا لە هەولێر و دەوروبەری (1053) پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی (202 ملیار و 500 ملیۆن دینار) ئەنجامدراون

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.1.4، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ئاماری کار و پڕۆژەکانى ساڵی رابردووی سنوورى پارێزگاى هەولێرى راگەیاند و گوتی: "لە ساڵی 2023 دا لە هەولێر و دەوروبەری (1053) پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی (202 ملیار و 500 ملیۆن دینار) ئەنجامدراون".

پارێزگارى هەولێر روونیکردەوە: "ئەو پڕۆژانە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر، بودجەی وەزارەتەکان، بودجەی داهاتی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامدراوە، لە سەرجەم سێکتەرەکانى (ئاو و ئاوەڕۆ، شەقامە ناوخۆییەکان، رێگاوبانەکان، ئاو و ئاودێری، کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافا و وشکەساڵی، سێکتەری پەروەردە و خوێندن، زیادکردنى رێژەی سەوزایی، سێکتەری تەندروستی، پڕۆژەکانی کارەبا، پڕۆەژەکانی تایبەت بە وەرزشی و لاوان و کشتوکاڵ)".

راشیگەیاند: "پلانی پەرەپێدانى ئەمساڵ ئامادەیە و ئەمڕۆش لەوبارەوە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکمان هەبووە، لەسەر بنەمای رێژەی دانیشتوان پڕۆژەکان دیاریکراون، کە بۆ ئەمساڵ (130 ملیار دینار) بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورى پارێزگای هەولێر دیاریکراوە".

گوتیشى: "جگە لەوەی لە بودجەی گشتیی عێراق زوڵم لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانیش لە حکومەتی عێراق بودجە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین ناکرێت، بەڵام لە کابینەی نۆیەم بە بەرزکردنەوەی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و چاکسازییەکان، لە چوارچێوەی روانگە و تێفکرینەکانی سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان، پڕۆژەکانی پەرەپێدان لە سەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردەوە، بە خۆشحاڵییەوە لە ساڵی 2021ـەوە ئەو بودجەیە دەستیپێکردووەتەوە".

لە کۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر، سوپاسى پاڵپشتى و هاوکارى بەردەوامى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەنجومەنى وەزیران و سەرجەم وەزارەتەکانى کرد، هەروەها دەستخۆشى لە سەرجەم فەرمانگە و ئەندازیار و تیمەکانى سەرپەرشتیارى پڕۆژەکان کرد، دەستخۆشیشى لە بەڵێندەران کرد کە سەرەڕایى قەیرانى دارایی و گرفتى دواکەوتنى خەرجکردنى سولفەى پێویست، پڕۆژەکان بەردەوامیان هەبووە و نەوەستاون.