هەولێر .... قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی ( 5 هەزار ) پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێكرد
هەولێر ....
قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی ( 5 هەزار ) پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستیپێكرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.10.17، لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانى رێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە سەرپەرشتی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكان و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵ و ژمارەیەكی دیكەی لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، بەڕێگای تیروپشک دەستکرا بە قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی ( 5 هەزار ) پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری پارێزگای هەلێر.
لە ڕێورەسمەکەدا، هەریەک لە وەزیری شارەوانی و پارێزگاى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایی لە فەرمانبەران، سوپاسى ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان کرد بۆ ئەو بڕیارە لەپێناو خزمەتکردنى فەرمانبەران و جەختیان لە بەردەوامی پرۆسەكە كردەوە، ئاشکراشیانکرد، هاوكات هەر ئەمڕۆ جگە لە دابەشکردنى ئەو 5 هەزارە پارچە زەوییە بەسەر فەرمانبەران، 2 هەزار و 300 پارچە زەوی دیكەش بەسەر خانەوادەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دابەش دەكرێت، كە پێشتر فەرمانی وەرگرتنی زەویان هەبووە و ئێستا ڕێكارەكانی تەواو بووە.
لە لایەن خۆیەوە، پارێزگارى هەولێر، تیشکى خستە سەر ئەوەى ئەو ( 5 هەزار ) پارچە زەوی ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگاى هەولێر دابەشدەکرێت و ئەوانى تریش کە لە ڕۆژانى داهاتوودا دابەشدەکرێت، بەپێى داڕشتنى ماستەر پلانى هەولێر نەخشە و دیزاینى بۆ کراوە، بە شیوەیەک کە دەبنە یەکێکى تر لە جوانییەکانى هەولێرى پایتەخت.
گوتیشى: "نەخشەکەى ئەو پارچە زەویانە لە سەر ( 2 هەزار و 90 ) دۆنم زەوى ئامادەکراوە و لە هەشت گەڕەك پێكهاتووە و ( 4 هەزار و 828 ) پارچە زەوی نیشتەجێ بوون لە خۆدەگرێت لەگەڵ ژمارەی دیكەی زیادە، ڕووبەری زەوییەكانیش ( 200 مەتر)ە و شەقامەكانیشى 12 مەترین، ئەوە جگە لە شەقامی 30 و 60 مەتری و هێڵی ترام و هێڵی پایسكیل و پیادەڕۆ و باچخەی بچووكی ناو ماڵان و پاركی گەورە و بنكەی تەندروستی و قوتابخانە و باخچەی ساوایان و مزگەوت و خزمەتگوزارییەكانی تر".