پارێزگاری هەولێر، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت دەکات
پارێزگاری هەولێر، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی زێت دەکات
ئەمڕۆ شەممە 2026.6.6، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی کاروبارەکان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەیاوەری غەفوور ئەحمەد مەلا سوار، قائیمقامی مێرگەسۆر و کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر و دلێر محمەد، بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەولێر و ئیبراهیم سەمین، جێگری سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی و شاندێکی باڵای ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر، سەردانی دەروازەی نێودەوڵەتی زێتی کرد و لەلایەن جەواد سوار حەمەد، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی زێت و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی دەروازەکەوە پێشوازیی لێکرا.
لە دیدارەکەدا، گفتوگۆیەکی چڕ و هەمەلایەنە لەسەر ڕەوشی ئێستای دەروازەکە و ئاستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان کرا و پێداچوونەوە بە قۆناغەکانی پەرەپێدانی دەروازەکە و ئاسانکارییە کارگێڕییەکان بۆ گەشتیاران و بازرگانان کرا.
لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا، جەخت لەسەر گرنگی ستراتیژیی دەروازەی زێت کرایەوە وەک دەرچەیەکی گرنگ بۆ بووژانەوەی کەرتی بازرگانی، پیشەسازی، و ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ ناوچەکە و تاوتوێی پلانی نوێ کرا بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک شارەوانی، گەشتوگوزار، و ژووری بازرگانی بە ئامانجی ڕەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنانی زیاتر.
لەکۆتاییدا، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی دەروازەکە کرد بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان و پشتگیری تەواوی پارێزگای بۆ سەرخستنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیژییەکانی دەروازەکە دووپاتکردەوە.