وان .... کۆبوونەوەیەکی فراون بۆ پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکان بەڕێوەچوو
وان ....
کۆبوونەوەیەکی فراون بۆ پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکان بەڕێوەچوو
ئەمڕۆ دووشەممە 2026.6.8، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و جێگری پارێزگاری سلێمانی و بورهان کایە، پەرلەمانتاری پەرلەمانی کۆماری تورکیا و نەجدەت تەکوا، سەرۆکی ژووری بازرگانی وان وسەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەرانی گشتی و قائیمقام و نوێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی و ژوورە بازرگانییەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا "ئورمیە" ، کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکان کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە هەولێر ئاسانکاری تەواو بۆ وەبەرهێنەران دەکات بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری ناوچەکە.
دواتر تیشکی خستەسەر ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئاماژەی بەوە دا کە کەرتی پیشەسازی و بازرگانی پایەی سەرەکین بۆ دابینکردنی سەقامگیری دارایی و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ.
دووپاتیشی کردەوە، تەواوی دامودەزگاکانی پارێزگای هەولێر، ئامادەی پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکاریەکن بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی لە پێناو بە هێزکردنی ژێرخانی ئابووری و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە پیشەسازی و بازرگانیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان، تورکیا، و ئێران.