بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، لەبارەى گەیاندنى خزمەتگوزارى و خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا

بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، لەبارەى گەیاندنى خزمەتگوزارى و خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا


کاتژمێر 5ى ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە 2022.8.6، بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیار عەلى ڕەشید، سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر و هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، پاریدەرى پارێزگار و رامی نوری عۆدیش، قائیمقامى هەولێر بەوەکالەت و عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە گەیاندنى خزمەتگوزارى و خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان ئەنجامدرا.

لەکۆبوونەوەکەدا، کەسەرجەم بەڕێوەبەری شارەوانییەکان و به‌ڕێوه‌به‌ری EJCC/ پارێزگاى هه‌ولێر و بەڕێوەبەرى پارک و باخچەکان و بەرێوەبەرى ژینگە پارێزى ئامادەى بوون پارێزگاری هەولێر، وێڕاى دەست خۆشیى لەسەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕێوەبەرى هەرشەش شارەوانیەکان بۆ ئەنجامدانى ئەرک و کارەکانیان، ئاماژەی بەگەیاندنی خزمەتگوزاری زیاتر بەهاوڵاتییاندا و ڕایگەیاند: دەبێت زیاتر ڕێز لەهاوڵاتییان بگرن و بەیەکسانى کاروبارەى هاوڵاتییان ڕاییبکەن و جیاوازى لە نێوان کەسدا نەکەن، ئێمە خۆمان بە خەمخۆرى خەڵکى خۆمان دەزانین و ئەرکە لەسەر هەموو لایەکمان خزمەتى ئەو شارە و هاوڵاتیانى بکەین، ئەگەر لەماوەى ڕابردوودا زۆرباش کارەکانتان ئەنجامداوە، بەڵام ئێمە هێشتا باشترمان دەوێت، وەکو پارێزگاى هەولێریش بۆ خزمه‌تكردنى زیاترى هاوڵاتییان هەموو پاڵپشتى و هاوکارییەکتان پێشکەش دەکەین".

لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر تیشکى خستە سەر گۆڕانکارییەکان و جەختى لەوەکردەوە کە لەهەموو گۆڕانکارییەکدا کەسانى پاک و چالاک و باشترینەکان هەڵدەبژێرین، چى لەبەرژەوەندى گشتیى هاوڵاتییان بێت ئەوە ئەنجامبدەن، پاشان سەبارەت بە ڕێکخستنەوەى شوستە و شەقامەکان و پاککردنەوەى بازاڕ و شوێنەگشتییەکان، پارێزگارى هەولێر گوتى: سەربارى هەموو ئەوکارانەى ئەنجامتان داوە، پێویستە کارى زیاتربکەن و ماندوونەناسانەتر کاربکەن". لەوبارەیەشەوە شارەوانیەکان و بەڕێوەبەرایەتى ژینگە پارێزى ڕاسپارد بەردەوام بن لەسەر ئەم هەڵمتانە.

لەتەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە چارەسەرکردنى کەم ئاوی لەبەشێک لە گەڕەکانى شارى هەولێر کە بەسەرپەرشتى ناوەندى قەیرانەکانى پارێزگا و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى شارەوانییەکان لەسەرەتاى هاوینى ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ دەست بە جێبەجێکراوە بۆ گەیاندنى ئاوى پاک بە هاوڵاتییان، پارێزگارى هەولێر دووپاتى لەسەر بەردەوامیدان بە هەڵمەتەکە کردووە.

لەکۆتایشدا، پارێزگارى هەولێر باسى لە پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر کرد و جەختى لەوەکردەوە، لەگەل ئەوەى پڕۆژەکان بەردەوامیان هەیە، بەڵام لەمنزیکانە دەست دەکەین بە گەیاندنى پڕۆژەى خزمەتگوزاریى دیکەى پێویست بۆ هاوڵاتییان، ئەوە جگە لەبەردەوامیدان بەو پڕۆژانەى کە لەسەر داهاتى سەرۆکایەتى شارەوانى ئەنجامدراون، هەروەها سەبارەت بەهەڵمەتى چاککردن و نۆژەنکردنەوەى شەقامەکانیش کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتى شارەوانییەکان کە بەسەرپەرشتى سەرۆکایەتى شارەوانى لەناو شارى هەولێر و لەسەربودجەى سەربارى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدەدرێت، پارێزگارى هەولێر تەئکیدى لەسەر بەردەوامبوونیان کردەوە.