پارێزگاری هەولێر: "بۆ پێشوازیکردن لە میوانان و گەشتیاران و سەری ساڵی نوێ، هەموو ئامادەکارییەک کراوە".

پارێزگاری هەولێر:

پارێزگاری هەولێر: "بۆ پێشوازیکردن لە میوانان و گەشتیاران و سەری ساڵی نوێ، هەموو ئامادەکارییەک کراوە".

ئەمشەو 2022.12.29، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری قایمقامی ناوەند و بەڕێوەبەری گشتیی گەشت و گوزاری هەولێر و بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگا و جێگری سەرۆکی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەری پارک و باخچەکان، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە میوانان و گەشتیاران و سەری ساڵی نوێ، سەردانی سەنتەری شار و نێو بازاڕی هەولێری کرد.

پارێزگاری هەولێر، دوای ئەوەی لە نزیکەوە لە چۆنیەتی ئامادەکارییەکان بۆ پێشوازیکردن لە میوانان و گەشتیاران و ڕازاندنەوەی سەنتەری شار و نێو بازاڕی پایتەختی کۆڵییەوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکان، جەختی لە هەموو ئامادەکارییەکی هێزە ئەمنییەكان لە (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، هاتوچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان) کردەوە، کە لە سەرجەم شوێنە گشتییەکان و ئەو جێگایانەی كە هاوڵاتییان و گەشتیاران ڕووى تێدەکەن ئەرکیان بەسەردا دابەشکراوە و هەرکەسێک یاسا شکێنی بکات ئیجرائاتی پێویستی دەرهەق ئەنجامدەدرێت.

هەروەها تیشکی خستەسەر ئامادەباشی بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشت و گوزارى هەولێر و ئاسایشى بازگەکان، بۆ پێشوازیکردن لەو ژمارە زۆرەى میوانان و گەشتیاران کە ساڵانە بە بۆنەی سەری ساڵەوە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى تر ڕوو لە پایتەختى هەرێمى کوردستان دەکەن.

داواشی لە هاوڵاتییان کرد هاوکاربن و ڕایگەیاند: "ئەوەی کراوە لەپێناو هاوڵاتییان و بە سەربردنی چەند ساتێکی خۆش بۆ پێشوازیکردن لەساڵی نوێ کراوە، بۆیە داواکارین لەو شوێنە گشتیی و جێگایانەی کە گردبوونەوەی تێدا ئەنجامدەدرێت یەکەم/ پارێزگاری لە پاراستنی ژینگە بکەن، دووەم/ یاسا بپارێزن".

لەکۆتایشدا گوتی: "بە هیواین وەک چۆن ساڵی 2022 کە ئەگەرچی چەند حاڵەتێکی ناخۆش ڕوویدا، بەڵام ساڵێکی پڕبوو لە گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ هاوڵاتییان، ساڵی ئایندەش ساڵی خۆشگوزەرانی بێت بۆ هەموولایەک بە تایبەتی پایتەختی هەرێمی کوردستان و ئێمەش وەک تیمی حکومەت بتوانین باشتر و زیاتر خزمەتی هاونیشتمانیان بکەین".