به‌ ناونیشانی "هه‌ماهه‌نگیكردن لە جیهانێکی پەرتەوازەدا" كۆڕبه‌ندی داڤۆس ده‌ستپێده‌كات

به‌ ناونیشانی

لەژێر ناونیشانی "هه‌ماهه‌نگیكردن لە جیهانێکی پەرتەوازەدا"، کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە شارۆچکەی داڤۆسی سویسرا، بەشێک لە باڵاترین داڕێژەرەکانی سیاسەت و بازرگانیی جیهانی کۆدەکاتەوە.
لە ماوەی چوار رۆژدا، سەرووی 250 پانێڵ بەڕێوەدەچن: زیاتر لە دوو هەزار و 700 سیاسەتڤان لە 130 وڵاتەوە بەشداردەبن کە 52یان سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانن. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری عێراقیش بەشدارن.
هەروەها 370 کەسایەتیی گشتی، زیاتر لە هەزار و 500 سەرکردەی بازرگانی و 90 داهێنەر، 56 وەزیری دارایی، 19 سەرۆکی بانکە ناوەندییەکان، 30 وەزیری بازرگانی و 35 وەزیری دەرەوە ئامادەی 53یەمین خولی ساڵانەی کۆڕبەندەکە دەبن.
یەکێک لەو قەیرانانەی زۆرترین سەرنجی کۆڕبەندەکەی لەسەر دەبێت، هەڵاوسانە. ساڵی 2022 هەستانەوەی ئابووریی لە دوای کۆرۆنا، رووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخەکان بووەوە. بارگرانی لەسەر بەکاربەران دروستبوو و بانکە ناوەندییەکانیش لە سەرانسەری جیهان رێژەی سووی بانکییان بەرزکردەوە.
بۆرگە برێندی، سەرۆکی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەڵێت، "لایەنە سەرەکییە جیهانییەکان لەگەڵماندا بەشدارن بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی ئەمە تاوتوێدەکرێت و هەروەها پێکەوەکارکردن دروستبکەین تەنانەت لەم جیهانە پەرتەوازەیەدا."
گۆڕانی نەخشەی جیۆسیاسیی جیهان تەوەرێکی دیکەی گرنگی کۆڕبەندی داڤۆسە. هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە 2022، وڵاتانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکرد و وای لە بەشێکیان کرد بکەونە پەلەقاژەی زامنکردنی ئاسایشی وزەیان.
هاوشێوەی ساڵی رابردوو، رووسیا ئەمساڵیش بەشدارنابێت.
کلۆز شواب، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەڵێت، "ئەوەتا ئێمە لە دەستپێکی ساڵی نوێداین و سەیری داهاتووێک دەکەین کە ژمارەیەک قەیرانی بێوێنە و تەنانەت خراپتریش لەخۆی هەڵدەگرێت. قەیرانە ئابووری، ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و جیۆسیاسییەکان لەیەک نزیکدەبنەوە و ئایندەیەکی لەڕادەبەر ناجێگیر و ناڕوون دروستدەکەن."
ساڵی 2022 پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکاش لەسەر تایوان و مافەکانی مرۆڤ بۆ ئاستێکی نوێ دابەزین. ئەمە یەکەمین کۆڕبەندی جیهانییە کە لە دوای دروستبوونی کۆرۆناوە چین تێیدا بەشدار دەبێت، بۆیە دەیەوێت بەهێزەوە دەربکەوێتەوە.
رێکخستنی دراوە ئەلیکترۆنییەکانیش بابەتێکی گەرمی پانێڵەکانی داڤۆس دەبێت لە کاتێکدا یاسادانەرانی سەرانسەری جیهان هەوڵدەدەن جڵەوی دراوی ئەلیکترۆنی باشتر بگرنەدەست.