قەڵغانى ڕێزلێنان و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا بەخشرایە هونەرمەندى دیارى هەولێر و مۆسیقا و گۆرانى کوردى (تەڵعەت عارف عوزێری)

قەڵغانى ڕێزلێنان و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا بەخشرایە هونەرمەندى دیارى هەولێر و مۆسیقا و گۆرانى کوردى (تەڵعەت عارف عوزێری)

ئەمرۆ دووشەممە 2024.9.23، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.کامەران یونس، سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین، لە هۆڵى سەنتەرى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵاتى زانکۆى سەڵاحەدین، لە پای ئەو خزمەتە زۆرەی بە هونەرى کوردى کردووە، قەڵغانى ڕێزلێنان و چەپکە گوڵی ڕێز و وەفا بەخشرایە هونەرمەندى دیارى هەولێر و مۆسیقا و گۆرانى کوردى (تەڵعەت عارف عوزێری).
لە ڕێورەسمەکە کە لە لایەن ڕاگرایەتی کۆلێژی هونەرە جوانەکانى هەولێر ڕێکخرابوو و هەریەک لە بەڕێوەبەرى گشتیى ڕۆشنبیرى و هونەرى هەولێر و سەرۆکى لقیى هەولێری سەندیکاى هونەرمەندانی کوردستان و ڕاگرى کۆلێژى هونەرە جوانەکان و ژمارەیەکى تر لە مامۆستایانى زانکۆ و قوتابیان و هونەرمەندان و هاوڕێیان و کەس و کاری هونەرمەند ئامادەى بوون، پارێزگارى هەولێر، ستایشی خزمەتکردنی هونەری کوردی لەلایەن هونەرمەند تەڵعەت عارف کرد و تیشکى خستەسەر ڕۆڵى مێژووى ناوبرا لە پێشخستن و پەرەپێدانى مۆسیقا و گۆرانى کوردى و خزمەت و کارە هونەرییەکانى بەرزنرخاند.
جێگەى باسە، هونەرمەندى دیارى هەولێر و مۆسیقا و گۆرانى کوردى (تەڵعەت عارف عوزێری)، ساڵی 1944 لە شاری هەولێر لە دایک بووە، ساڵی 1963 چۆتە خانەی مامۆستایان و ساڵی 1971 بووەتە ئەندامی تیپی هونەری هەولێر و لەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژان بەژداری هەبووە لەوانە (تاهیر تۆفیق، محمد ئەحمد ئەربیلى، یەشار، مشکۆ، تەحسین تەها، حمە جەزا، قادر کابان، جەبار احمد) هەروەها وەکو ئاواز دانەر خاوەنى چەندین ئاوازە و سروود و ئۆپەرێتی کوردی و تورکمانیە و بەرپرس و سەرپەرشتیاری چالاکی قوتابخانەکانی هەولێربووە و بەشداری لە چەندین ڤیستیڤاڵی جیاواز کردووە لە عێراق و کوردستان ودەرەوەی ووڵات.