دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕێز لە ژینگەپارێزانی هەولێر دەگرێت
دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕێز لە ژینگەپارێزانی هەولێر دەگرێت
لە چوارچێوەی پڕۆژەی «وەفا»، دەزگای خێرخوازیی بارزانی چالاکییەکی تایبەتی بۆ ڕێزلێنان لە ماندووبوون و هەوڵەکانی ژینگەپارێزانی شاری هەولێر بەڕێوە برد.
بە ئامادەبوونی موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د. زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەم چالاکییە بەڕێوە چوو.
لەم چالاکییەدا، کە لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان و بۆ ڕێزلێنان لە 1200 ژینگەپارێزی شاری هەولێر بەڕێوە چوو، ئێوارەخوانێک بۆ بەشداربووان ئامادە کرا و هاوکات سەبەتەی خۆراکی و تەندروستی بەسەریاندا دابەش کرا، بە مەبەستی دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هەوڵ و ماندووبوونیان لە پاراستن و پاکوخاوێنی ژینگەی شار.
ئەم چالاکییە هەنگاوێک بوو بۆ دەربڕینی پێزانین و پشتگیری لەو کەسانەی بە هەوڵ و ماندووبوونی بەردەوام، ڕۆڵێکی گرنگ لە پاراستنی ژینگە، پاکوخاوێنی و جوانی شاری هەولێر دەبینن.