پارێزگاری هەولێر بۆ کۆمپانیاکان: "نامانەوێت جارێکی تر ئەو کارەسات و ڕووداوە نەخوازراوانەی ڕوویاندا نە لە هەولێر، نە لەهیچ شارێکی تر دووبارە ببێتەوە"

پارێزگاری هەولێر بۆ کۆمپانیاکان:

پارێزگاری هەولێر بۆ کۆمپانیاکان: "نامانەوێت جارێکی تر ئەو کارەسات و ڕووداوە نەخوازراوانەی ڕوویاندا نە لە هەولێر، نە لەهیچ شارێکی تر دووبارە ببێتەوە"

ئەمڕۆ چوارشەممە 2022.11.23، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیا و ئەو لایەنەنانەى کە کارى سیستمی شۆفاژ و غازی ئێڵ پی جی دەکەن لەسنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا.

لەکۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، تیشکی خستەسەر ئەو کارەسات و ڕووداوانەی کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هەردوو شاری سلێمانی و دهۆک ڕوویاندا، کە جگە لەوەی هەموو لایەکی نیگەران و خەمبارکرد ترس و دڵەڕاوکێیەکى زۆریشی خستە دڵی هاوڵاتیان، لەو بارەیەشەشەوە جەختی لە بڕیار و ڕاسپارەدەکانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمى کوردستان و پارێزگای هەولێر کردەوە سەبارەت بەکارکردن بەو سیستەمە و ڕایگەیاند: "پێویستە ئێوەش بۆ ڕێکخستنەوە و چارەسەرکردنی مەترسیەکانی ئەو سیستەمە پابەندی بڕیار و ڕاسپاردەکان بن و هاوکار و هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان و دام و دەزگاکانی حکومەت بن، بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەو کارەسات و ڕووداوە نەخوازراوانەی کە لە شارەکانى دهۆک و سلێمانی ڕوویاندا، نە لە هەولێر، نە لەهیچ شارێکی تر دووبارە نەبێتەوە".

لەلایەن خۆیانەوە خاوەنی کۆمپانیاکان، وێڕای ئەوەی سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە، ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ پابەندبوون بەسەرجەم بڕیار و ڕاسپاردەکان و هەموو هاوکاری و پشتیوانیەکی لیژنەکانی پارێزگا و دام و دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان.