پارێزگارى هەولێر، پێشوازى له كونسولى گشتیی ئهمهريكا كرد
پارێزگارى هەولێر، پێشوازى له كونسولى گشتیی ئهمهريكا كرد
ئهمڕۆ سێشهممه 2023/10/24، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، پێشوازى لە مارك سترۆ، كونسولى گشتيى ئهمهريكا له ههرێمى كوردستان کرد.
له ديدارێكدا، پارێزگارى هەولێر، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى لە كونسولى نوێى گشتيى ئهمهريكا له ههرێمى كوردستان كرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەركەكەیدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمى کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریكا بەرەوپێشچوونی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت، بۆ سەرخستنى ئەرک و کارەکانیشی هەموو پاڵپشتى و هاوکارییەکى خۆى نیشاندا.
لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا، چهند پرسێكى جێى بايهخى هاوبهشى نێوان هەردوولا گفتوگۆى لە بارەوەکرا و دوايين پێشهاتهكانى ناوچهكه و ڕووداوهكان خرایە بەرباس، لەوبارەیەشەوە كونسوڵی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەدیدارەکە و ئاماژەى بە پەیوەندییە مێژووییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە قۆناغە جیاجیاكاندا و تەئکیدى لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەردەوامیی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان كردەوە.
لەلایەن خۆیەوە پارێزگارى هەولێر پشتیوانى ئەمریکاى بۆ هەرێمى کوردستان و کرانەوەى دیموکراسى لە هەرێمى کوردستان بەرز نرخاند و سوپاس و پێزانینى بۆ هاوكارى و پشتگیریى و پشتیوانى ئهمهریكا لە هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە شەڕى دژ بە تیرۆرستانى داعش و بهردهوامى پشتگیریى ئەمریکاى بۆ ههرێمى كوردستان لە پێناو سەقامگیربوونی ناوچەکە کرد.
لەکۆتایشدا تیشک خرایە سەر رێککەوتنامەى دەستەخوشکبوونی هەولێر و ناشڤێڵ و هەردوولا ئەم ڕێککەوتنامەیان بە کارێکى بێ وێنه و دەستکەوتێکی گرنگزانی لە پێناو بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانى (کەلتوورى، فەرهەنگى، ئابوورى، گەشتیارى، بازرگانى، وەبەرهێنان).